| "پڕۆژه‌ی ده‌ستوور و سیسته‌می سیاسی" | | وتووێژ له‌گه‌ڵ دکتۆر شێرزاد نه‌جاڕ، مامۆستای زانسته سیاسییه‌کان و یاسای ده‌ستووری له زانکۆی سه‌لاحه‌ددین ـ هه‌ولێر
1ـ له‌سه‌ریه‌ک پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌نرخێنن؟
هه‌رهه‌نگاوێك به‌ره‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵكه و داموده‌زگا سیاسییه‌کانی به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و گرنگیی خۆی هه‌یه، چونكه بۆ پێشكه‌وتنی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر پێویسته. ده‌ستووریش گرنكترین هه‌نگاوه له‌م بواره‌دا، چونكه ده‌ستوور به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پراکتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له ده‌وڵه‌تدا رێكده‌خات. به‌م شێوه‌یه، سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كان دیارده‌كات و له‌هه‌مان كاتیش‌دا مافی هاووڵاتیان ده‌ستنیشان ده‌كات، هاوکات زه‌مانه‌تی ئه‌م مافانه‌ش روون ده‌كاته‌وه.
له‌م روانگه‌یه‌وه، پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان – عێراق به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنییانه ده‌نرخێنین، چونكه دۆخی یاسایی و سیاسیی هه‌رێم رێكده‌خات و مافی هاووڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كی باش ده‌ستنیشان ده‌كات. واته ئه‌م پرۆژه‌یه پێویستییه‌كی بابه‌تیانه بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ره‌و سه‌قامگیریی ده‌ستووریی یاسایی بڕوات.
2ـ مادده‌ی 1ی پرۆژه‌که به‌م چه‌شنه باس له سیسته‌می سیاسیی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات. (کوردستان – عێراق هه‌رێمێکه له‌نێو ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵیدا، سیسته‌مه سیاسییه‌که‌ی په‌رله‌مانی، کۆماری و دیموکراتییه و پشت به فره‌لایه‌نیی سیاسی و بنه‌مای لێکجیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و ده‌ستاوده‌ستکردنی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیی ڕاسته‌وخۆی نهێنی و ده‌ورییه‌وه ده‌به‌ستێ.) شیکردنه‌وه‌ت بۆ ئه‌مه چییه؟
ئه‌م مادده‌یه زۆر گرنگه، چونكه پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان – عیراق له ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا كه سیمای فیدراڵی له‌خۆ گرتووه، ده‌ستنیشانده‌كات و هه‌رێمی كوردستان – عێراق وه‌ك هه‌رێمه‌كی فیدراڵیی خۆی رێكده‌خات و ئه‌مه‌ش گرنگیی خۆی له ده‌ستنیشانكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا هه‌یه. به‌م شێوه‌یه، سیمای هه‌رێمی كوردستان- عیراق وه‌ك كیانه‌كی سیاسی – ده‌ستوری رێكخراوه و ئه‌م سیمایه بریتییه له:
- سیسته‌می سیاسی له هه‌ریم، سیسته‌مه‌كی په‌رله‌مانی، كۆماری و دیموكراسییه
- پرنسیپی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت
- پرنسیپی فره‌لایه‌نیی سیاسی په‌یڕه‌و ده‌كرێت
- پرنسیپی (هه‌ڵبژاردن) بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه په‌یڕه‌و ده‌كرێت
ئه‌م پرنسیپانه ئی كیانه‌كی دیموكراتییه و هه‌مان پرنسیپن كه له‌ده‌وڵه‌ته‌كی دیموكراتیدا په‌یڕه‌و ده‌كرێن.
به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت، مه‌رج نییه ئه‌م پرنسیپانه كه له‌ده‌ستووردا تۆمار كراون، له پراكتیزکردندا به‌هه‌مان ئاست به‌رجه‌سته بكرێن. واته گرنگ ئه‌وه‌یه، ئه‌م پرنسیپانه له پانتای پراكتیزه‌کردندا رۆڵی هه‌بێت. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م پرنسیپانه رۆڵیان له ژیانی سیاسی‌دا نه‌بێت، ده‌ستوور وه‌ك پرۆفێسۆر (موریس دوفرجیه) ده‌ڵێت: ده‌بێته (ده‌ستوور – پرۆگرام) نه‌ك (ده‌ستوور – یاسا). بۆیه زۆر گرنگه بۆ هه‌رێم، دستوور (پاش په‌سندكردنی له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه) له ژیانی سیاسی هه‌رێمدا رۆڵه‌كی چالاکی هه‌بێت و ئه‌م ژیانه سیاسییه له هه‌رێم له رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه رێكبخرێت.
بۆیه ئه‌م مادده‌یه (مادده‌ی (1) له پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم) ده‌كرێت وه‌ك (رێگانیشانده‌ر) واته وه‌ك (دلیل) بۆ سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان – عێراق هه‌ژمار بكرێت و لێره‌دا گرنگیی خۆی هه‌یه.
3ـ په‌رله‌مانی و سه‌رۆکایه‌تی، ئه‌م دوو دیارده‌یه له کرده‌وه‌دا ده‌بێ چۆن ڕه‌فتار بکه‌ن؟
له راستیدا، په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، دوو دامه‌زراوه‌ی سه‌ره‌كینه له كیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان – عێراق، بۆیه ده‌بێ ره‌فتاریان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بیت.
په‌رله‌مانی هه‌رێم له پرۆژه‌ی ده‌ستوور له مادده‌كانی 40 تا 58 و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش له مادده‌كانی 60 تا 68 رێكخراون.
جۆری په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ردوولا، به‌پێی مادده‌ی 65ی پرۆژه‌ی ده‌ستوور به‌م شێوه‌یه:
- پێشنیاركردنی یاساكان
- ده‌ركردنی یاساكان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ند كراون
- ده‌ركردنی مراسیم بۆ هه‌ڵبژاردن
- ده‌ركردنی مه‌رسوومێك بۆ بانگێشتكردنی په‌رله‌مان بۆ یه‌كه‌م دانیشتنی خولی كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن له ماوه‌ی 15 رۆژدا
- ده‌ركردنی مه‌رسوومێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
- ده‌ركردنی (مراسیم بقوة القانون) واته مه‌راسیم كه هێزی یاسایی هه‌یه
- راسپاردنی پاڵێوراوی ئه‌و فراكسیۆنه‌ی زۆرترین ژماره‌ی بۆ پێكهێنانی وه‌زاره‌ت هه‌یه.
- ده‌ركردنی مه‌رسووم له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانی وه‌زاره‌ت.
ئه‌مانه ئه‌ركی گه‌وره و گرانن، بۆیه زۆر پێویستی به‌هه‌ماهه‌نگی هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك سیسته‌می سیاسیی هه‌رێم له قه‌یران دوور ده‌كاته‌وه.
4ـ ئایا له پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا، سه‌رۆکی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر په‌رله‌ماندا وڵامده‌ره‌وه‌یه؟
به‌پێی مادده‌ی (58)ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه، بۆیه به‌پێی مادده‌ی 65 (بڕگه‌ی 11) سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، هه‌روه‌ها پاش بانگێشتكردن بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌کی نائاسایی و به‌پێی مادده‌ی 53 (برگه‌ی 6) ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، چاودێری كاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن ده‌كات، واته چاودێری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات (وه‌ك به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن)، لێره‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ دێته پێشه‌وه، ئه‌ویش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه به‌پێی مادده‌ی 53 (بڕگه‌ی 4) به په‌رله‌مان دراوه، كه بریتییه له: "گرتنه‌به‌ری رێکاری تۆمه‌تباركردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یان جێگره‌كه‌ی به‌ڕه‌زامه‌ندی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای شكاندنی سوێندی ده‌ستووری، یان پێشێلكردنێكی سامناكی ده‌ستوور، یان خیانه‌تی گه‌وره."
ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ، كه‌وا سه‌رۆكی هه‌رێم له جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی ده‌ستووریدا ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌م دوو مادده‌یه بكات.
5ـ له‌م سیسته‌مه سیاسییه‌ی ئێمه‌دا که سه‌رۆک له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، چ کارتێکه‌رییه‌ک له‌سه‌ر سروشتی سیسته‌مه‌که داده‌نێت؟
هیچ كاریگه‌رییه‌کی (فعلي) له‌سه‌ر سروشتی سیسته‌می سیاسی‌دا نییه، واته هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت یان هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مان یان له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه، سروشتی سیسته‌می سیاسی ناگۆڕێت، چونكه ئه‌م سروشته په‌یوه‌ندی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه، كه له ناو ده‌ستووردا به سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌ك ئاشكرایه، له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیدا جیاوازه له‌و ده‌سه‌ڵاته، كه له سیسته‌می په‌رله‌مانی یان نیمچه په‌رله‌مانیدا هه‌یه.
بۆ نموونه: هه‌ردوو سیسته‌می سیاسی له ئه‌ڵمانیا و له نه‌مسا، سیسته‌می په‌رله‌مانین و زۆر له‌یه‌كتر ده‌چن، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و سه‌رۆكی نه‌مسا له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام ئه‌مه هیچ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سروشتی سیسته‌می سیاسی له نه‌مسا و ئه‌ڵمانیادا نه‌بووه و پێگه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌ك یه‌كن و ئه‌ركیان ته‌نیا ئه‌ركی سیمبۆلییه (ئه‌ركی ره‌مزیه).
له هه‌رێمی كوردستان – عێراق، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه هه‌ڵبژێردراوه، به‌ڵام ئه‌مه كاریگه‌ر نییه له‌سه‌ر سروشتی سیسته‌می سیاسی له هه‌رێم، كه به‌پێی مادده‌ی (1)ی پرۆژه‌ی ده‌ستوور، سیسته‌مه‌كی په‌رله‌مانییه.
6ـ ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێمه له کام سیسته‌می سیاسی نزیکه یان وێکچووه؟
وه‌ك له مادده‌ی 1ی پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا هاتووه، سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان – عیراق، سیسته‌مه‌كی په‌رله‌مانییه، به‌و مانایه‌یه، په‌رله‌مان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێم، كه ئه‌ركی یاسادانان و چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنه.
وه‌ك روونه، له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت ئه‌ركه‌كانی زیاتر سیمبۆلییه و پرۆتۆكۆلییه و له كاتی پێویست و حاله‌تی (الضرورة)دا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، كه به‌كاری ده‌هێنێت، وه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی په‌رله‌مان و راگه‌یاندنی دۆخی نائاسایی (حالة الطواری‌ْ).
وێڕای ئه‌مه، تێبینی ده‌كرێت له هه‌رێم، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه كه سه‌رۆك له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا نییه‌تی، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه كه په‌یوه‌ندیان به‌هێزی چه‌كداره‌وه (القوات المسلحة) هه‌یه، وه‌ك چۆن له مادده‌ی 65 (بڕگه‌ی 12)ی پرۆژه‌ی ده‌ستووردا هاتووه: "ڕێگه‌دان به‌هاتنی به‌شێك له هێزه چه‌كداره فیدراڵییه‌كان بۆ كوردستان – عیراق له كاتی پێویستدا، ئه‌ویش پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانی كوردستان – عیراق له‌سه‌ر هاتنه ژووره‌وه‌ی ئه‌م هێزانه له‌گه‌ڵ دیاركردنی ئه‌رك، فه‌رمانیان، جێگه و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له هه‌رێمدا" و بڕگه‌ی 13 ده‌ڵێت: "ناردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه (پاسه‌وانی هه‌رێم) یان هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڕه‌زامه‌ندیی په‌رله‌مان."
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گرفتی تێدایه، چونكه سروشتی سیسته‌می‌سیاسیی هه‌رێمی كوردستان – عێراق نزیك ده‌كاته‌وه له سیسته‌می سیاسیی نیمچه په‌رله‌مانی (نظام شبه برلمانی) و نیمچه سه‌رۆكایه‌تی (نظام شبه رئاسی) به‌کورتیی ئه‌مه روونکردنه‌وه‌یه‌ک بوو، سه‌باره‌ت به پۆلێن‌کردنی سیسته‌مه سیاسییه‌کانه.
|
|
|
|
|
|